٣ کانونی یەکەم ٢٠١٨ - ٠٧:٠٦
ئێران، تووڕه‌یی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ زیاد ده‌كات

کۆماری ئیسلامی ئێران مووشەکی باڵستی مه‌ودا مامناوه‌ندی تاقیکردووەتەوە، كه‌ توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمییان هەیە

تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێی موشه‌كیی بالیستی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، تووڕه‌یی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ زیاد ده‌كات و مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا دووپاتیكرده‌وه‌، "کۆماری ئیسلامی ئێران مووشەکی باڵستی مه‌ودا مامناوه‌ندی تاقیکردووەتەوە، كه‌ توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمییان هەیە" و پۆمپێیۆ ئەو تاقیكردنه‌وه‌یه‌شی لە دژی بڕیارنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وه‌سفكرد.

له‌ به‌رامبه‌ردا بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئێران لەمیانه‌ی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمی ئێران، به‌گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ وەڵامی پۆمپێیۆی دایه‌وه‌ و گوتی: "جێی سەرنج و گاڵەتەیە ئاماژه‌ بە بڕیارنامەیەک دەکەن کە تاکلایەنانە خۆیان پێشێل کردوە و تەنانەت سزای ئەو لایەنانەش دەدەن، کە بیانەوێت ئەو بڕیارنامەیە جێبەجێ بکەن".

هاوکات جۆن بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاش دەلێت: "ئەو مووشەکەی ئێران تاقیکردووه‌تەوە دەتوانێ خاکی ئیسرائیل و ئەوروپا بپێکی، ئەم کارەی ئێران سه‌ركێشییه‌ و هه‌رگیز قابیلی قبووڵ نییه‌".

کاردانەوەکانی ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ی كۆماری ئیسلامی ته‌نیا له‌ ئەمریکا قه‌تیس نه‌بوونه‌، به‌ڵكو په‌لی بۆ ئه‌وروپاش هاوێشتووه‌ و له‌مباره‌شه‌وه‌ جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، "هه‌رچه‌نده‌ ئێمە پێداگیری لەسەر مانەومان لە رێکەوتنی ئه‌تۆمی ئێران و گروپی ٥+١ دەکەین، بەڵام ئەمە لە نیگەرانی ئێمە لە بەرنامە موشەکیەکانی ئێران کەم ناکاتەوە".

ئه‌گه‌رچی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا به‌رامبه‌ر ئێران، سووریا و عێراق نزیكه‌ له‌وه‌ی هاوهه‌ڵوێست بن، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و کشانەوەی واشنتۆن لە رێکەوتنی ئه‌تۆمی ئێران، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دۆسیه‌ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌تایبه‌تیش ئێران، تادێت زیاتر ئاشکرا دەبن.